“فستیڤاڵی فیلیمی میونشن و پێداچوونەوەیەک بە ژیان و کارەکانی بەهمەن قوبادی”

پێداچوونەوەیەک بە سەر ژیان و بەرهەمەکانی بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری پێشەنگی سینەمای کورد، کە بەردەوام هەموو ئامانجی لە درووستکردنی فیلم، بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری کۆمەڵگا لە دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی بووە و بەردەوام لە هەوڵ بە دوای چیرۆک گەلێکی سەرسووڕهێنەر لە نیشتمانی زامداری بووە. قوبادی لە ساڵی 1969 لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێنا. یەکەم فیلمی بە زمانی کوردی، توانی سەرنج و ستایشی کۆمەڵگای جیهانی بۆخۆی ڕابکێشێت و ئێستاش بە یەکێک لە باشترین دەرهێنەرەکانی ئەوڕۆی ئێران دێتە ئەژمار.

بەهمەن قوبادی، درووستکردنی فیلمی لە سەرەتای لاوی و خوێندنی خۆی لە بواری فۆتۆگرافی و دەرهێنەری فیلم لە شاری تاران دەستپێکرد. قوبادی لە فیلمی (با دەمان بات)، بەرهەمی “عەبباس کیاڕۆستەمی” وەک یاریدەری دەرهێنەر دەرکەوت و دوای درووستکردنی یەکەم فیلمی درێژی خۆی لە ساڵی 2000 بە ناوی (کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان)، توانی ناوبانگی جیهانی بەدەست بهێنێت. یەکەم فیلمی درێژی زمانی کوردی لە مێژووی سینەمای ئێراندا بە دەرهێنەری ئەو، چیرۆکی منداڵانی زیرەک، نەترس و ستەم لێکراو دەگێڕێتەوە.

سێهەمین فیلمی درێژی قوبادی (کیسەڵەکانیش دەفڕن)، کە لە 2004 درووستکرا، هەر بە هەمان شێوە چیرۆکی منداڵانی ئاوارەی کەمپەکان لە نزیکی سنووری عێراق و تورکیادا دەگێڕێتەوە کە بە دیمەن گەلێکی بە توانج و دڵکەش لە بەرەنگاربوونەوە لە هەمبەر تراژێدیایەکی دڵتەزێن فیلمی هەڵگیراوەتەوە.

گەورەبوونی قوبادی هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی ئێران و عێراق، هەربۆیە لەو سەردەمەدا بنەماڵەکەی بە ناچاری کۆچ دەکەن بۆ سنە کە گەورەترین شاری پارێزگای کوردستانی ئێرانە.

فیلمەکانی ئەو زۆرتر لەسەر پەنابەران و ئەزموونەکانیان دەدوێ و زۆربەی کات ئەو کەسانێک بۆ ئەکتەریی هەڵدەبژێرێت کە ژیانیان زۆر نزیک لەو شتەیە کە ئێمە لە فیلمەکانیشدا دەیبینین.

مۆسیقا بەشێکی زۆر گرینگ لە فیلمەکانی قوبادییە. (جێهێڵراو لە عێراق) کە لە ساڵی 2002 لە عێراق درووستکرا، چیرۆکی ژیانی سێ ژەنیار باس دەکات کە بە دوای ژنێکی گۆرانیبێژ دەگەڕێن. (نیوەی مانگ) بەرهەمی 2006، بەسەرهاتی پیرەپیاوێکی ژەنیارە کە هەموو ساڵێ لەگەڵ 10 کوڕە ژەنیارەکەیدا بۆ دانانی کۆنسێرت دەچن بۆ عێراق. قوبادی لە ساڵی 2009 فیلمی (کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە)ی لە پەیوەندی لەگەڵ مۆسیقای ژێرزەوینی (شاراوە) لە تاران، بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی ئێران بە مەبەستی بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری کۆمەڵگای جیهانی لە سەر کێشەی سانسۆر لە ئێراندا درووستکرد. هەر لە دوای ئەو فیلمەوە، قوبادی بە ناچار لە هەندەران ژیان بەسەر دەبات.

هه‌روه‌ها فیلمی “وه‌رزی که‌رگه‌ده‌ن” (2012) که چیرۆکی شاعیرێکی کورد به ناوی “سادق که‌مانگه‌ر”ه دیسان باسی تاراوگەو دوورخستنەوە ده‌کات. ئەم فیلمە پڕ خەرجترین فیلمی درووسکراوی قوبادی بوو کە کەسانێکی وەک (مۆنیکا بەلووچی) و (بێهرووز وسووقی)، ئەکتەری بەناوبانگی ئێرانی کە دوای شۆڕشی ئێران بۆ ئەمریکا کۆچی کرد، دەوریان تێدا گێڕاوە.

دوایین پڕۆژەکانی قوبادی (ئاڵای بێ وڵات) و (ژیان لە سەر سنوور) کە هەردوو بەرهەمی 2015 ەن، دیمەنێک لە ژیانی سەختی خەڵک لە شەڕی ئێستای سووریا نیشان دەدات.

(ژیان لە سەر سنوور)، بە ئامادەکاری بەهمەن قوبادی و دەرهێنەری، منداڵە پەنابەرکانی ناو کەمپی ئاوارەکانی عێراق و سووریە بەرهەم هێنرا.(ئاڵای بێ وڵات)، چیرۆکێکی دراماتیک و تاڵ لە چارەنووسی کوردەکانە، یەکەمین نمایشتی ئەم فیلمە لە ئەوروپا، لە فستیڤاڵی فیلمی میونشن بوو.

فیلمی “کاتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان” براوه‌ی خه‌ڵاتی کامێرای زێڕین له فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتی “که‌ن” له سالی 2000 بوو.

فیلمی (کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە)، خەڵاتی تایبەتی لیژنەی ناوبژیوانانی لە بەشی Certain Regard sectionلە فستیڤاڵی “کەن”ی بە دەستهێنا.

فیلمی (کیسەڵەکانیش دەفڕن)، خەڵاتی (seven audience award)ی لە فستیڤاڵی ڕۆتردام، سەن سباستییەن، سائۆپائۆلۆ و تۆکیۆ بە دەسهێنا.

لە فستیڤاڵی فیلمی میونشن پێداچوونەوەیەک بەم بەرهەمانەی قوبادی و هەروەها فیلمە کورتەکانی ئەم سینەماکارە کوردە، وەکوو فیلمی (دەف) و فیلمی (تاوێکیش بۆ سەرەوە بڕوانە) لە کۆمەڵەی نۆ فیلمی (چەند وشە لەگەڵ خودایان) کە چەند بەشی، دەرهێنەری “ئامووس گیتای”، “ئەمیر کۆستاریکا” و “میرانایر”ی لەخۆ گرتووە. هەروەها فیلمی (ژیان لە سەر سنوور) کە بە ئامادە کردنی قوبادی و هاوکاری منداڵانی پەنابەری کەمپەکان درووستکرا، نمایشتکرا.

https://www.filmfest-muenchen.de/en/festival/news/2016/05/retrospektivebahman-ghobadi/