ناهید قوبادی

ناهید قوبادی له ساڵی ۱۳۴۳ی هه‌تاوی له شاری بانه‌ی کوردستان له دایکبوو. کارناسی (لیسانس) به‌ڕێوبه‌ری کتێبخانه‌ی له زانکۆی تاران تەواوکرد و پیشه‌ی ده‌رهێنه‌ری سینەمای له ساڵی ۱۳۸۱ی هه‌تاوی به شێوازی ئه‌زموونی ده‌ستپێکرد. ناهید قوبادی له ساڵی ۱۳۸۳ی هه‌تاوی له زانستگەی “یو سی ئێل ئەی” کالیفۆڕنیای ئەمریکا، خولی فێرکاری ده‌رهێنه‌ری ته‌واو کرد و هەتا ئێستا ۷ کورته فیلم و ۱ فیلمی درێژخایەنی درووستکردووە و له هه‌ندێک فستیڤاڵه‌کانیشدا به‌شداری کردووه. ناهید قوبادی له کۆمه‌ڵێک فیلم وه‌کوو سکرتێر و کارداری سێن‌، هاریکاری ده‌رهێنه‌ر، ڕاوێژکار و به‌رنامەداڕێژ به‌شداری کردووه. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی “بیژه‌ن زه‌مان پیرا” پێکه‌وه دەرهێنەری چەند فیلمیان کردووه‌ و چەند فیلمنامەیشیان پێکەوە نووسیوە.

قوبادی جگە لە درووستکردن فیلم، لە بواری شێعر و فۆتۆگرافیشدا چالاکی نواندووە و یەکەم کتێبی شێعری خۆی بە نێوی “ئێمە و غوربەتی مانگ”ی لە ساڵی 1373ی هەتاوی بڵاوکردەوە. هه‌روه‌ها له فیلمی “خه‌یاڵی با” به ده‌رهێنه‌ری “ئاره‌زوو مه‌حموودی” وه‌کوو ڕاوێژکاری ده‌رهێنه‌ر هاوکاری کردووە. قوبادی له فیلمی “نیوه‌ی مانگ” له ده‌رهێنانی به‌همه‌نی قوبادی وه‌کوو هاریکاری ئێدیتۆر له‌گه‌ڵ “هایده سه‌فی‌یاری” هاورکاری کردووە و هەروەها له فیلمی “کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن” له ده‌رهێنانی به‌همه‌نی قوبادی، وه‌کوو سکرتێری سێن‌ به‌شداری کردووه.

فیلمە درێژخایەنەکان:

دەربارەی 111 کچ 2012

  • کورتەیەک لە چیرۆک: لە ناوچەیەکی دوورکەوتوو لە کوردستان 111 کچی لادێیی خەریکن لە باروودۆخێکی ناخۆشی سنوورداردا پیردەبن.
  • ئەوان هێشتا زەماوەنیان نەکردووە. باوکان و براکانیان، یان مردوون یان ونبوون. دۆزینەوەی پیاوی باش و هاتنیان بۆ ئەو ناوچە ئەستەمە. ئەوان داهاتووی خۆیان زۆر باش نابینن و هەربۆیە تێکڕا نامەیەک دەنێرن بۆ سەرۆک کۆمار و داوای یارمەتی لێدەکەن و دەڵێن ئەگەر بێتو تا چوار ڕۆژیتر وەڵامیان نەدەنەوە، هەموویان خۆیان لە کێوێک دەخەنە خوارەوە و خۆیان دەکوژن. بە فەرمانی سەرۆک کۆمار، کەسێکی پشکنەری تایبەت بە نێوی “دونیادیدە” لەگەڵ کوڕێکی منداڵ بە نێوی”شێرکۆ” بۆ پشکنین دەنێرنە ئەوێ.
  • سەفەری دواتری ئەوان لە تارانەوە بۆ گوندە چکۆلەکەی شێرکۆ لە کوردستانە. چیرۆکێکە دەربارەی، کوردێک و ئێرانییەک، سوننەیەک و شێعەیەک. ئەو دوانە لە هەوڵ دەبن بۆ ئەنجامدانی ئەو فەرمان و ئەرکە سەیرە. لە درێژەی ئەم سەفەرە سەیر و سەمەرە زۆر هەڵسووکەوتی جۆراوجۆر و سەیر لە خۆیان نیشان دەدەن. هەردووکیان قسەخۆش و پێکەنیناوین. چوار ڕۆژ سەفەر کردنی ئەوان دەبێتە هۆی ئەوەی بەرپرسیارانی دەوڵەتی بە خەبەر ببنەوە و هەروەها سەفەری سەرەکیشیان نەجاتدانی ئەو 111 کچەیە.
  • بەرهەم هێنان: کۆمپانیای مژفیلم
  • بەرهەم هێنەر و ئامادەکار: بەهمەن قوبادی، عەبباس غەزاڵی
  • دەرهێنەر: ناهید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا
  • کاتی فیلم: 79 خولەک
  • بڵاوکردنەوەی جیهانی: مژفیلم
  • بڵاوکردنەوە لە کەنەدا و ئەمریکا: The Global Film Initiative
  • بەڕێوەبەری فیلم هەڵگرتنەوە: حەمید قەووامی
  • هاریکاری یەکەمی دەرهێنەر: جەلال ساعێدپەناه
  • هاریکاری دووهەمی دەرهێنەر: بێری شەڵماشی
  • دەنگ: حوسەین قورچیان
  • دیزاینەری دەنگ و میکس: بۆتان ئوقڵوو
  • مۆسیقا: نیکی میرزا
  • بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان: سۆران ئیبراهیم
  • کۆردنەوە و تەدوین: بەهمەن قوبادی و نیعمەتوڵڵا نارنجی
  • ئەکتەرەکان: ڕەزا بهبوودی، مەهدی ساڵی و ئەمین سادقی
  • نەمایش لە فستیڤاڵەکان:
  • 2013 خەڵاتی باشترین فیلمی فستیڤاڵی پەن ئاسیا، لەندەن
    2012 بەشداری لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان کۆریای باشوور، نوەمبەری
    2012 بەشداری لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمکسی ژاپۆن، دێسەمبەری
    2013 بەشداری لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڕتردامی پۆڵەندا، ژانوییەی
    2013 بەشداری لە فستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن، سێپتەمبەری
    2013 بەشداری لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی پاڵم ئێسپرینگی ئەمریکا، ئۆکتۆبەری
    2013 بەشداری لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی کارلوووی‌واری کۆماری چێک
    2013 بەشداری لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی گلۆباڵ لێنزی ئەمریکا
    2012 بەشداری لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان، خولی نوێی کێبەرکێکان
    2012/ 22/10 تا04/11 لە سی‌وشەشەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ماسترا” لە سائۆپائۆلۆ، بەڕازیل
    2013 فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کارلاوی واری
    2013 فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕۆتردام
    2015 /04/04 مۆزەی هونەری نوێ لە نیۆیۆرک، ئەمریکا
  • چالاکییەکانیتری ناهید قوبادی:
  • سکرتێری سێنی فیلمی (کیسەڵەکانیش دەفڕن)، بە دەرهێنەری بەهمەن قوبادی.
  • ڕاوێژکاری و فیلمنامەنووسی هاوبەشی لە گەڵ بیژەن زەمانپیرا لە فیلمی (ماڵە بێ پلاکەکان).

کورتە فیلمەکان:

مشک و پشیلە 2009

  • کورتەیەک لە چیرۆک: فیلمێکی دۆکۆمێنتارییە دەربارەی منداڵانی سنە، کە بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان نانەڕەقەن کۆدەکەنەوە.
  • ئه‌وان ناچنە قوتابخانه و کار ده‌که‌ن تاکوو بتوانن پاره کۆ بکه‌نه‌وه و یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌که‌یان بده‌ن. زۆر هه‌ژارن و بڕێکیان به بۆنه‌ی کاری زۆره‌وه نه‌خۆش دەکەون.
  • دەرهێنەر: ناهید قوبادی
  • کاتی فیلم: 26 خولەک
  • شێواز: دۆکۆمێنتاری
  • نەمایش لە فستیڤاڵەکان:
    ۲۰۰۸ خه‌ڵاتی باشترین دۆکومێنتاری فستیڤاڵی دی پوپولی فڵۆڕانس، ئیتالیا
    ۲۰۱۰ فستیڤاڵی فیلمی به‌رڵین، ئه‌ڵمانیا
    و فیلمی هه‌ڵبژێردراوی فستیڤاڵه‌کانی: مەنچستەر ( ئینگلاند)، کڕۆنا (ئیرلەند)، فستیڤاڵی شار (تاران)، خواردنه‌ ئه‌هۆه‌نه‌کان (ئیتالیا)، فیلمی له‌نده‌ن (ئینگلاند) فیلمی دۆکومێنتاری (مەدرید)، میلان (ئیتالیا)، مه‌یامه‌ی ئه‌مه‌ریکا، ویسکانسێن (ئه‌مه‌ریکا)

وڵاتەکەمان ئاوەدان بکەین 2006

  • کورتەیەک لە چیرۆک: کچێک دایکی فێری خوێنده‌واری ده‌کات، به‌ڵام هاوسه‌ری ژنه‌که ئه‌م شته‌ی پێ ناخۆشه و به ناچار کچه‌که به‌نهێنی خوێنده‌واری فێر ده‌کات.
  • ده‌رهێنه‌ر: ناهید قوبادی
  • کاتی فیلم: 14 خوله‌ک
  • شێواز: بە شێوەی چیرۆک
  • نەمایش له فستیڤاڵه‌کان:
  • ۱۳۸۴ فستیڤاڵی کورته فیلمی خوێنده‌واری تاران

لە پشت سێن (پشت صحنه) 2005

  • کورتەیەک لە چیرۆک: پیره‌ژنێک تەنیا مانگایێک و کوڕێکی گێژی هه‌یه‌ و ده‌بێت هه‌موو ڕۆژێک ڕێگایەکی دوور و درێژ بۆ لەوەڕاندنی مانگاکە ببڕێت . دوای گه‌ڕانه‌وەیشی شیره‌که‌ی دە‌دۆشێت و ماستی لێ درووست ده‌کات و ده‌یفرۆشێت به هاوسێکانی.
  • ده‌رهێنه‌ر: ناهید قوبادی
  • کاتی فیلم: 21 خوله‌ک
  • شێواز: بە شێوەی چیرۆک

دوایین تاوولەرز 2003

  • کورتەی چیرۆک: چیرۆکی پیرەپیاوێکی تەنیای ئاپاراتچی سینەمای سەرکراوەی شاری سنەیە. ده‌یه‌وێت به ڕێخستنی دووباره‌ی سینه‌ماکه خه‌ڵک هان بدات بۆ بینینی فیلم له‌و سینەما به‌ڵام که‌س پێشوازی لێ ناکات تا ئه‌وه‌یکه، فیلمی مردنی پیره‌مێرده‌که له‌سه‌ر پەردەی سینه‌ماکه ده‌بینین.
  • ده‌رهێنه‌ر: ناهید قوبادی
  • کاتی فیلم: 12 خوله‌ک
  • شێواز: چیرۆکی:
    ۲۰۰۷ نەمایش له فستیڤاڵه‌کان: کاندیدای باشترین فیلمی داستانی و ئایدیا داری فستیڤاڵی لۆس ئانجلێس، ئه‌مه‌ریکا

بازنەی بەستراو 2002

  • کورتەیەک لە چیرۆک: چیرۆکی ژیانی کچێکە کە لە چاوەڕوانییەکی زۆردا بۆ هاتنەوەی هاوسەرکەی شێت دەبێت.
  • ده‌رهێنه‌ر: ناهید قوبادی
  • کاتی فیلم: 14 خوله‌ک
  • شێواز: بە شێوەی چیرۆک (داستانی)
  • نەمایش لە فستیڤاڵەکان:
    2005 خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی فستیڤاڵی نەینەوا لە سنە
    2005 خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی فستیڤاڵی فیلمی سلێمانی لە کوردستانی باشوور
    2004 بەشداری لە فستیڤاڵی کورتە فیلمی دیاربەکر لە باکووری کوردستان
    2002 بەشداری لە فستیڤاڵی وارەشی بابول

بیانوویەکی سادە بۆ خۆشبەختی 2001

  • کورتەیەک لە چیرۆک: باسی کوڕێکی تازەلاوە کە بە کۆکردنەوە و فرۆشتنی شتە کۆنەکان بنەماڵەکەی بەخێو دەکات و بەو پارەی وا کۆی کردووەتۆ دیارییەک بۆ خوشکەکەی دەکڕێت.
  • دەرهێنەر: ناهید قوبادی
  • کاتی فیلم: 14 خولەک
  • شێواز: دۆکۆمێنتاری
  • نەمایش لە فستیڤاڵەکان:
    2002 فستیڤاڵی نێودەوڵەتی تسالونیکی یۆنان
    2002 فستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی لەندەن
    2004 فستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی بەرلین، ئاڵمان

سەفەری یەکەم 2001

  • کورتەیەک لە چیرۆک: پیرەپیاوێک دەچێت بۆ بینینی کوڕە سەربازەکەی، بەڵام هەردەگاتە سەربازخانەکە دەزانێت کە کوڕەکەی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە. بۆیە ئەویش سەفەرەکەی نیوەتەواو بە جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە.
  • ده‌رهێنه‌ر: ناهید قوبادی
  • کاتی فیلم: ١٢ خوله‌ک
  • شێواز: بە شێوەی چیرۆکی (داستانی)
    نمایش له فستیڤاڵه‌کان: بەشداری لە کورتە فیلمی نەینەوا، لە سنە